پیاوێك 39 هاوسەر و 94 منداڵ و 33 نەوەی هەیە
الكاتب: ABarznji
الكاتب: 22/02/2014
  
  تم تقيم الموضوع من قبل 0 قراء

 

زایۆنا چانا گەورەترین خانەوادەی لە جیهاندا هەیە و دەڵێت هەست بە خۆشحاڵییەكی زۆریش دەكات كە 39 هاوسەری هەیە. ئەم پیاوە 94 منداڵ و 14 بووك و 33 نەوەیشی هەیە. ئەوان هەموویان پێكەوە لە خانوویەكی چوار نهۆمیدا دەژین كە 100 ژووری تێدایە. ئەم خانەوادەیە لە گوندێكی هەرێمی میزۆرامی هیندستان دەژین و تەواوی هاوسەرەكانی زایۆناش لە یەك هۆڵی گەورەدا دەخەون. 

زایۆنا چانا دەڵێت هەست بە خۆشحاڵییەكی زۆر دەكات كە ژمارەیەكی زۆر هاوسەر و منداڵی هەیە و دەبێت چاودێری هەموویشیان بكات. ئەم خانەوادە گەورەیە بەشێوەیەكی تایبەتی بەڕێوە دەبرێن. بۆ نموونە زاتیانگی هاوسەری گەورەی زایۆنا ئیش و كارەكانی ناو ماڵ بەسەر ژنەكانی تردا دابەش دەكات. ئەوان بۆ هەر ژەمێكی خواردن بڕێكی زۆر خواردنیان پێویستە، بۆ نموونە 30 مریشك و 60 كیلۆ پەتاتە و 100 كیلۆ برنجیان بۆ ژەمێكی ئێوارە پێویستە. زایۆنا سەرۆكی خێڵێكە و كولتووری ئەو خێڵەش بەو جۆرەیە كە پیاوان دەتوانن ژمارەیەكی زۆر ژن بهێنن. هەربۆیە لەو گوندەدا ژمارەیەكی زۆر پیاو هەن كە چەندین هاوسەریان هەیە. 

بە گوێرەی كولتووری ئەم خێڵە گەنجترین ئافرەت لە نزیك ژووری زایۆناوە دەخەوێت و بەتەمەنترینیشیان دوورترینە لە ژووری مێردەكەیەوە. رینكمینی یەكێكە لە هاوسەرەكانی ئەم پیاوە و دەڵێت "ئێمە هەمیشە لە دەوری مێردەكەمانداین، چونكە ئەو گرنگترین كەسی خانەوەداكەیە. پاشانیش، ئەو جوانترین كەسە لە سەرانسەری جیهاندا". یەكێكی تر لە هاوسەرەكانی ئەو پیاوە دەڵێت هیچ جۆرە كێشەیەكی ئەوتۆ لە نێوان ئەندامانی خانەوادەكەدا نییە چونكە هەموو كەس ڕێز و خۆشەویستی بۆ كەسانی تر هەیە. زایۆناش دەڵێت ئەو هێشتا وازی لە ژنهێنان نەهێناوە و ئەگەر كەسێكی بەلاوە باش و جوان بێت ئەوا ئامادەیە خوازبێنی بكات. یەكێك لە كوڕەكانی زایۆناش دەڵێت باوكی ئافرەتانی هەژاری گوندەكە دەخوازێت بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات و چاودێرییان بكات.