|
22/2/2014 6:30 مساءَ
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبووەوە و باسی هەڵبژرادنەكانی عیراق و كوردستان و كێشەكانی ناوخۆ یەكێتی دەكات. بە پێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، یەكێتی چەند بڕیارێكی دەركردووە لەسەر پێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنەكان، بەڵام هیچ لەو بڕیارانە لە راگەیەنراوەکەدا باس نەكراوە. هەر بە پێی راگەیەنراوەكە، دەركەوتووە كێشەكانی جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی بەردەوامە و داوای هەوڵ وكۆششی زیاتركراوە بۆ چارەسەركردنی. بە پێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەر یەكە لە كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكردووە. دەقی راگەیەنراوەکە: رۆژانی (19/2/2014) و (22/2/2014) مەكتەبی سیاسی، دوو كۆبونەوەی ئەنجامدا. لە كۆبونەوەكاندا، مەسەلەی هەڵبژاردن؛ چۆنیەتی بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت؛ مەترسیەكانی تیرۆر لەسەر عێراقو ناوچەكانی كوردستان لەدەرەوەی هەرێمو هەرێم؛ ئەگەرە سیاسیەكانی ناوچەكە، عێراق، كوردستانو ئەركەكانمان لەبەرامبەر هەر ئەگەرێكدا، هەمەلایەنە هەڵسەنگێندرانو بڕیاری پێویستیان دەربارە دران. لەسەر هەڵبژاردن، مەكتەبی سیاسی پەیامی گەلاڵەكراوی دەزگای هەڵبژاردنی، بەشێوەیەكی گشتی پەسەندكردو جەختی كردەوە، كە بەپێی تایبەتمەندی پارێزگاكانو سنوری شارەوانیەكان، پرۆژەی زیاتری ئاوەدانی، بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتی، دەستەبەركردنی پرۆژەی سۆسیال بۆ بێكارانو كۆمەڵا، گۆڕینی سیستەمی تەندروستیو پێشخستنی بەپێی پێویستیەكانی سەردەم؛ رێكخستنو ئاراستەكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشێوەو شێوازی نوێو دابینكردنی پێویستیەكانی هەڵبژاردن، راگەیاندن، راپەڕاندنی ئەركەكان بەوردی.. هاوكات پێكهێنانی لیژنەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارێزگاكانو سنوری مەڵبەندو كۆمیتەكان، بڕیاریان لێدرا. سەبارەت بە حكومەتیش، مەكتەبی سیاسی، دوای تاوتوێكردنی دوائەنجامەكانی دانوستاندنی یەكێتیو پارتیو داخوازی لایەنەكانی تر، بڕیارو ئەركی بە وەفدی دانوستانی یەكێتی، رادەسپێرێو جەختیش دەكاتەوە كە هەموولایەك، پێویستە هاوكێشەكان، ئەركەكانو تەواوكردنی پرۆسەی یەكخستنی سەرجەم وەزارەتو دادوودەزگاكان، بۆ پاراستنی ئاسایشی كوردستانو دوركەوتنەوە لە هەر كێشەیەك بۆ ئەم قۆناغەی یەكڕیزی نیشتمانی، بەگرنگ بزانن. دەربارەی دۆخی عێراقو ناوچەكەو مەترسیەكانی تیرۆریش، كۆبونەوە، دووپاتی دەكاتەوە كە بەهەموو توانایەوە سەركوتكردنی تیرۆریستەكان، لەهەر ناوچەیەكی عێراق، بەئەركی مێژوویی، پاراستنی دیموكراسی، ئاشتەواییو ئاوەدانی دەزانین. دەشبێ لەمكاتەدا كە حكومەتی مەركەزی سەرقاڵی جەنگە دژی تیرۆریستان، تیرۆریستانیش بەهەموو تواناو پشتیوانەكانیانەوە، لە تێكدانی عێراقو پرۆسە سیاسیەكەی بەردەوامن، بەرنامەی پاراستنی ئاسایشی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمو هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم، پێویستە هەمەلایەنە بەرنامەو بڕیاری بۆ رووبەڕووبونەوە ئامادەبكات. چونكە، تیرۆریستو پشتیوانەكانیان لە ئیقلیمدا، دوژمنی سەرسەختی دیموكراسیو چارەسەری كێشەی نەتەوایەتی نەتەوەكەمانو دەستوری هەمیشەییو مادەی (140) ن. لەمەڕ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیش، مەكتەبی سیاسی، لەكاتێكدا، تەقدیری پەرۆشیی هەڤاڵانو ئۆرگانەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكاتو رەخنەكانیان بۆ بەزوترین كات كۆتایی پێهێنانی گرفتەكان، بە دڵسۆزی یەكێتیانە دەزانێت، هاوكات هەڤاڵانی یەكێتیو تەواوی دۆستانو پشتیوانەكانی ئاگاداردەكاتەوە، كە بێ درێغ درێژە بە كۆششی چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆییمان دەدەین. ئومێدی چارەسەریش ئەركێكی مێژوییە، پێویستە بەرپرسانە، بگەیەندرێتە ئەنجامو سەرەنجام، یەكێتیو تەواوی هەڤاڵان سەركەوتوو بین. راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 22/2/2014
|