22/2/2014 7:14 مساءَ
لە كاتێكدا كەسوكاری ئەنفالكراوان كوردستان بەردەوام داوای دادگایكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال دەكەن، بەدیع عارف پارێزەری تایبەتی سەدام حوسێن لە لێدوانێكدا ئاشكرای كردووە كە واز لە پیشەكەی دێنێ و دێتە هەرێمی كوردستان. بەوەیش گەرمیانییەكان هەست بە سووكایەتی دەكەن.
ئازاد عەبدوڵا رۆژنامەنووسێكی سنووری گەرمیانە بە "وشە"ی راگەیاند، لە میدیاكانەوە بیستوومانە بەدیع عارف پارێزەری سەدام حوسێن سەرۆكی لەداردراوی عێراق واز لە پیشەكەی دێنێ و ئارەزووی مانەوە لە كوردستان دەكات، لە ئێستاوە داوا لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكەین هەڵوێستیان هەبێ و رێگەی مانەوەی نەدەن.
سەلام هیدایەت چالاكی مەدەنی لەبارەی ئەو داوایەی پارێزەرەكەی سەدام بە "وشە"ی گوت "داواكارین لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان هەرگیز رێگە نەدەن بەهاتنی كەسانی لەو جۆرە، چونكە پێمان وایە ئەو پارێزەرە پارێزگاری لە تاوانبارترین رژێمی سەرزەوی كردووە".
هەرێمی كوردستان لە مێژوودا بەردەوام قوربانی داوە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی و لە سەردەمی حوكمی 35 ساڵەی سەدام گەیشتە لوتكە، 182 هەزار كەسی ئەنفال كرا و گوندەكانی خاپوور كران و هەزاران كەسی بە چەكی كیمیایی لێ كوشتن.
شەیما جەمال چالاكی مەدەنی لە كەلار بۆ "وشە" ئاماژەی دا، راستە هەرێمی كوردستان ئارامە و وای كردووە گوزەرانی خەڵك بە باشی بەڕێوە بچێ، بەڵام ئارامی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە نییە پارێزەری تاوانبارێك كە كوردی هەراسان كرد و سزاكەیشی وەرگرت، بێت لەناو ئێمەی قوربانییاندا بژی، ئارامی هەرێم بۆ ئەو كەسانەیە كە بڕوایان بە ئاشتی و پێكەوەژیان هەبێ.
بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی "وشە" بەدیع عارف پارێزەری سەدام حوسێن جگە لە سەدام، كاری پارێزەرایەتی بۆ ژمارەیەك سەركردەی تری بەعس كردووە.
فەتاح تەنیا دامەزرێنەری رێكخراوی 14 /4ی تایبەت بە دۆزی ئەنفال بۆ "وشە" رایگەیاند "ئەو لێدوانەی پارێزەرەكەی سەدام بە سووكایەتییەكی گەورە دەزانین بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان و شەهیدان لە كاتێكدا ئێمە ئێسك و پروسكی قوربانییەكانمان لە بیابانەكان نەگەڕاونەتەوە، هەروەها لە كاتێكدا دانیشتنەكانی دادگایكردنی تاوانباران تەواو نەبووە، كەچی پارێزەرانی تۆمەتباران لە هەوڵدان بێنە كوردستان، ئەمە مایەی قبووڵ نییە".
"نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین، لە كاتێكدا چاوەڕوانی ئەوەین تاوانبارانی ئەنفال دادگایی بكرێن، كەچی تاوانبارانی تر لە هەوڵی هاتندان بۆ كوردستان، بۆیە داوا لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم دەكەین لێدوانی لەو شێوەیە قبووڵ نەكەن" تەنیا وای گوت.