|
22/2/2014 7:14 مساءَ
شەڕ و پێکدادان بەشێوەی پچڕ پچڕ لەنێوان گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" باڵی سهربازی پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا رویداوه.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە بڵاوی کردۆتەوە و وێنەیەکی دەست خەندان کەوتووە، رایدەگەیەنێت سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەندین جار پێکدادان لەنێوان هەپەگە و سوپای تورکیا ڕوویداوە.
هەپەگە لە بەیاننامەکەیدا ڕایدەگەیەنێت؛ لە کاتژمێر (٧:٣٠)ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای تورکیا بە کۆپتەری کوبرا و سکۆرسکی و فڕۆکەی سیخوڕی دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردووە و ناوچەکانی شەهید کەنداڵ و دەریێ داوەتیێی بۆردومان کردووە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی هەپەگە وەڵام دراونەتەوە و پاشەکشێیان پێکراوە.
هەپەگە ڕاشیدەگەیەنێت؛ سوپای تورکیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ئۆبوس و هاوان بۆردومانی چەندین ناوچەی کردووە لە چیای مەتینان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، لە دوای نیوەڕۆی دوێنێ هەینی، فڕۆکە سیخوڕییەکانی تورکیا بە ئاسمانی چیای گارا سوڕاونەتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە لە دەڤەری شەمزینان سوپا ژمارەیەکی زۆری چەکداری بۆ ناوچە سنورییەکان گواستۆتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ٥٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی و ٧ کۆپتەری کوبرا بۆ سەربازگەکانی گوندی سونێی ناوچەی گەردیا گواستراونەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" ڕاشیدەگەیەنێت؛ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی شەمزینان و قلابانی شرناخ بەردەوامە و ٢ فڕۆکەی سیخوڕی بە ئاسمانی ئەو ناوچانەدا دەسوڕێنەوە و بەردەوامیش هێزی زیاتر بۆ ناوچە سنورییەکان دەنێردرێت.
|